# ناو مانا
21 ئادینان گوندێکە لە نێوان گوندەکانی کاکەسیا و ناسراوا لە ناوچەی سەقز لە کوردستانی رۆژهەڵات. بڕوانە وشەی ئاد.
22 ئار 1. لەو سەردەمەدا پێشبەندی (ئار) بە واتای (ئاگر و پاک) بۆ رێزدانان لەو شتانەی کە (پاک و پیرۆز) ‌بوونە بەکار براوە، وەک: ئاریاکیس، ئاریبانس و ئارچاری؛ لە راستیدا نێوی ئارچاری، چاری بووە کە هەر دەبێتە چێری. 2. وشەی (ئار) لە زمانی کوردیدا واتای ئاگر و رەنگی سوور دەدا کە لە ریشەی وشەی (ئار)ی ئەوێستایی یەوە هاتووە و واتای (ئاگرپەرست) و (سوور) دەدا،‌ لە زمانی پالەوی یان کوردیی کەڵوڕیشدا هەر ئەو واتایە دەدا و گوتراوە (ئارووس)؛ 3. (گەورە و مەزن)؛ 4. واتای (ئێش و ئازار) دەدا و لە زاراوەی کەڵوڕی (پالەوی)ی کۆنیشدا هەر ئەو مانایە دەدا؛ 6. هەروەها (ئار) مانای سپیکەلە یان چەرمەڵەش دەدا؛ 7. پاشگری بکەرە و بە هەندێ وشەی چووکەوە دەلکێ و نێوێکی دیکەی چاوگ ساز دەکا؛ وشەی ئاراراتیش دوور نییە لە وشەی ئار و ئاور کەوتبێتەوە، لەوانەیە ئەم وشەیەشیان بۆیە لەسەر ئەم کێوە دانابێ‌، چونکە کێوێکی سەر بە ئاگر یان گڕکانە، تورکەکانیش وشەی ئاگریان گۆڕیوە بۆ (ئاغر) و وشەی (داغ)یشیان کە وشەیەکی تورکییە و واتای چیا دەدا پێ زیاد کردووه و نێویان ناوە آغریداغ‌؛ حوکوومەتی تورک، وشەی (داغ)ی بۆیە بە وشەی کوردی ئاگرەوە ناوە و کردوویە بە (ئاغر)، لەبەر ئەوە بووە کە نێوی کوردیی لەو پارچەیە تێک بدەن و بیشێوێنن؛ چیای ئاگریی لەبەر ئەوەی کە گڕکانە و سەربەئاگرە، بوومەلەرزەی زەمەند و وێرانکاری لێ رادەبێ.
23 ئارا 1. دۆستی و نێوانخۆشبون؛ 2. جێگەی ژینی هەمیشەیی.
24 ئارابخا 1. لە دوو وشەی (ئار و ئا‌پخا) پێکهاتووە کە (ئار) واتە: گڕ و (ئاپخا) بە زاراوەی ئاسووری کۆن واتە شار، یان مەڵبەند، کە بە سەر یەکەوە، واتای شاری گڕ دەدا، یان شوێنێ کە نەوتی هەبێ. 2. نێوی شاری کەرکووک بووە لە ساڵی 572 ی زایینی و ئەم نێوە هیچ پێوەندییەکی بە وشەی داتاشراوی (عەرەبخا)وە نییە؛ جیاواز لەوەی کە ئاشوورییەکان لە بەردە نووسراوەکانی خۆیاندا باسیان کردووه، کەرکووک لە سەردەمی ساسانییەکاندا لەبەر بوونی نەفت و گەرمیی ئەو شارە، بە (گەرمکان) بەنێوبانگ بووە و سریانییەکانیش بە (بینکرمان) نێودێریان کردووە. ئەم نێوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی بەر لە زایین. بڕوانە وشەی ئار.
25 ئاراد ناوی فریشتەیەکە لە ئایینی زەردەشتیدا
26 ئارارات 1. گڕی لە دوای گڕ، هەڵقوڵینی پۆلووی ئاگر. 2. گەورە و پیرۆز. ئارارات، زنجیرەیەک چیایە لە کوردستانی باکوور‌ کە بەشێکی کەوتۆتە نێوان سنوورەکانی ئێران و تورکیە و قەفقازی رووسیە، بەرزترین لووتکەی 5165 میترە؛ (ئارارات) یان کێوی نۆح کە تورکەکان پێی دەڵێن: ئاغریداغ و ئەرمەنییەکان پێی دەڵێن مازیک، هەر هەمان چیای (ئاگری)یە کە نێوێکی کوردییە و زاراوەی عەربی کردوویەتی بە (عقرە!!) و لە بنەڕەتدا (ئارئارات) بووه کە‌ دوایی بووە بە ئارارات.‌ بۆ روونکردنەوە، وەک لە تەوراتدا هاتووە، کەشتییەکەی نۆح بە سەر ئەم کێوەوە نیشتۆتەوە‌ بەڵام راستەکەی ئەوەیە کە کەشتییەکەی نۆح، بە سەر کێوی (جوودی)یەوە نیشتۆتەوە، کە لە بنەڕەتدا (گۆتی)یە و عەرەب ئەم نێوەی کردووە بە جوودی. کێوی (جوودی یان گۆتی)یش، لە زنجیرەکێوەکانی ئارارات یان ئاگرییە، کە دەڕوانێ بە سەر شاری (زاخۆ) لە کوردستانی باشوور و شاری (سلۆپی)، لە کوردستانی تورکییە. بڕوانە وشەی ئار.
27 ئاراز 1. ئارائاس، ئاراس، فرمیسکی شادی؛ 2. یە‏کێ له ‏فەرماندە‏رەکانی مادی چکۆڵه؛ 3. یە‏کێ لە ‏پاڵە‏وانە‏کانی کوردی زەعفە‏رانلوو؛ چۆمی ئاراز، یان ئاراس، لە ناوچەی بینگۆڵ لە کوردستانی باکوورەوە سەرچاوە دەگرێ و 435 کیلۆمیتر بە ناو خاکی کوردستاندا دەڕوا و بە سنووری ناوەندی ئێران و ئازەرباییجاندا تێدەپەڕێ و دەڕژێتە زەریای قەزوێنەوە. درێژایی ئاراز دەگاتە 920 کیلۆمیتر. بڕوانە وشەی ئار. بۆ وەبیرهێنانەوە، زۆربەی زۆری ئاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە رێگای یەکاوی عارەبان (شط العرب)ەوە دەڕژێنە کەنداوی فارس/عەرەب، لە کوردستانی باکوور، لە شاری بینگۆڵ (بنگۆل)ەوە سەرچاوە دەگرێ.
28 ئاراسپ سەردارێکی گەورەی ماد بووە کە بە منداڵی لەگەڵ کوورش گەورە بووە. بڕوانە بۆ ئار.
29 ئاراسپاس لە گەورەکانی ماد و بینەوانی پەرسگەی پانتائا بووە. بڕوانە وشەی ئار.
30 ئاراسن نێوی کێوێکە لای رانیە لە کوردستانی باشوور. بڕوانە وشەی ئار.
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!