مێژوو و پەیدابوونی ئەدەبیاتی منداڵان – بەشی چوارەم

ئەڤین تەیفوور

 

بەشی سێیەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

هەندێک نموونەی بێژەکانی ئەم فەرهەنگە بریتین لە: "ئاخافتن، ئێوەرگەهـ، ئێوەرین، پزدان، گوهان، بژوین، بێدادی، بێوەجی، پشک، جڕەنخ، چەکمە، خانیمال، دابەرستن، دراڤ، مەزاختن، سوبا، سۆلبەند، قلۆپانک، قیڤار، لێب، لێباندن، لێبۆک." (پەرتەڤ رامازان، (٢٠١٢)، میرسادول- ئەتفال (شاهرابێ کودەکان)، ر ٢٤- ٢٧).

دوای ئەم دوو بەرهەمە، "لوغەتنامەی ئەحمەدی" لە نووسینی شێخ مەعرووف نۆدەیی، لە ساڵی ١٧٩٠دا چاپ و بڵاو کرایەوە. مەعرووف نۆدەیی بە عالم و زانای کورد ناسراوە و ئەم بەرهەمەی بە زاراوەی سۆرانی وەک فەرهەنگێکی کوردی و عەرەبی بۆ فێرکردنی منداڵان لە قوتابخانە ئامادە کردووە. ناوبراو ئەم فەرهەنگەی بۆ ئەحمەدی کوڕی خۆی نووسیوە و هۆکاری نووسینی ئەم بەرهەمە بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە:

"دەرین ریسالە بە کوردی زەبان

کونەم زیبان-ی عەرەب را بەیان

تا کی فەرزەندەم ئەحمەد بێ تەعەب

شەوەد دانای-ی لوغاتی عەرەب" (YILDIRIM (٢٠٠٨)، چیرۆک لە ئەدەبی منداڵاندا، ٩٦ ر).

"Kadri Yıldırım" وەها باسی ئەم بەرهەمە دەکات: "چاپی دووەمی لوغەتنامەی ئەحمەدی کە لەبەر دەستمانە و ڕێکەوتەکەی هی ساڵی ١٣٧٩یە، ٥١ لاپەڕەی هەیە. عەبدولڕەحیم مەحموودی وێنەی ئەم بەرهەمەی کێشاوە. بەرهەمەکە نزیکەی ١٥٠٠ وشەی عەرەبی و مانا کوردییەکانی تێدایە. بەرهەمی نووسەر پێشەکییەکی هەیە و لە دوو بەش پێک هاتووە. پێشەکییەکە بە بیسمیلاوە دەست پێ دەکات و لە ١٣ مالک پێک هاتووە، ٤ مالکی بەتەواوی عەرەبین، ٩ مالکی بە تەواوی فارسین." (YILDIRIM (٢٠٠٩)، چیرۆک لە ئەدەبی منداڵاندا، ٩٧ ر).

لەنێو ئەو بەرهەمانەدا، میرسادول- ئەتفال (شاهراهێ کودەکان) لە نووسینی شێخ محەممەد کەربەلایی و عەقیدەی مەولەوی، لەو قۆناغانەدا نووسراون. بەرهەمی میرسادول- ئەتفال (شاهراهێ کودەکان) لەلایەن شێخ محەممەد کەربەلایی بە زمانی کوردی و فارسی لە ساڵی ١٩١٢ لە گوندی ئاختەپەی سەر بە دیاربەکر نووسراوە. میرسادول- ئەتفال لە گێڕانەوەی دەستپێکدا بەتەواوی کوردییە. بەشی کۆتایی زیاتر بە ڕستەی کوردی و بەشێکیش بە فارسییە. شێخ محەممەد کەربەلایی لەم بەرهەمەدا باس لەوە دەکات کە ئەم فەرهەنگەی بۆ هەموو منداڵانی کورد نووسیوە، بەتایبەتی بۆ محەممەد ئەسکەری برای و نەقشبەندی برازای. ڕامازان پەرتەڤ لە بەرهەمەکەیدا بەم شێوەیە بەرهەمەکە دەناسێنێت:

دەستخەت بە تەواوی ٤٢ لاپەڕەیە. "میرساد" وشەیەکی عەرەبییە و بە واتای "شوێنی چاودێری" دێت. "ئەتفال" وشەیەکی عەرەبییە و "تیفل" بە واتای منداڵ دێت. هەردووکیان پێکەوە بە مانای "شوێنی چاودێریکردنی منداڵان"ە. کەربەلایی بە ڕوونی ناو و هۆکاری ئامادەکردنی بەرهەمەکە لە سەرەتادا، دوای بیسمیلا ​​و حەمد و سەڵوات" دەخاتە ڕوو. کەربەلایی باس لە گرینگی و تایبەتیی زمانی فارسی دەکات. بە گوتەی ئەو، ئەو منداڵانەی زمانی فارسی دەزانن لە زانست و ئەدەبدا سەرکەوتوو دەبن. لە کۆتاییی دەستپێکدا هیوادارە ئەو کەسانەی کار لەسەر ئەم فەرهەنگە دەکەن دوعای بۆ بکەن و لە گوناحەکانی ڕزگاری بکەن. (پەرتەڤ، (٢٠١٢)، میرسادول- ئەتفال (شاهرابێ کودەکان)، ر ٢٤- ٢٧).

"عەقیدەی مەولەوی"ش بەرهەمێکە کە بۆ منداڵان نووسراوە. ڕێواز ئەحمەد لەسەر بەرهەمی عەقیدەی مەولەوی دەڵێت: "عەقیدەی مەولەوی (١٨٠٦-١٨٨٢) یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە بۆ منداڵان نووسراوە. ئەم بەرهەمە بۆ منداڵانی حوجرە واتە بۆ فەقێکان، لە ناوەڕاستی سەدەی ١٨دا نووسراوە." (ئەحمەد ڕێواز (٢٠٠٥)، سەرەتایەک دەربارەی سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵانی کورد، ر ٨).

جگە لە بەرهەمە فەرهەنگییەکان، نووسەران و شاعیرانی وەک "پیرەمێرد، جەگەرخوێن، عوسمان سەبری، قەدریجان، کامران بەدرخان و جەلادەت بەدرخان"، چیرۆک و ئەفسانە و شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە. خەمی سەرەکیی ئەم نووسەرانە پەروەردەی منداڵانی کورد بوو، بۆیە هەرکات دەرفەتیان بۆ ڕەخسا، بۆیان دەنووسی.

شاعیر و پارێزەری کورد، "کامران عەلی بەدرخان"، دوو کتێبی بۆ منداڵان بە ناوی "ئەلفابەیا من" و "دەستپێکا خوەندنێ" نووسیوە. هەروەها چەندین شیعری بۆ منداڵانی کورد نووسیوە، لەنێویاندا "دبستان". هەروەها جەگەرخوێن چەندین گۆرانی و شیعری بۆ منداڵان و فێرکردنیان نووسیوە، لەنێویاندا "ژ بچووکان رە" لە ژمارەی ٣٤ و ٣٥ی گۆڤاری نووبهاردا بڵاو کرایەوە. هەروەها بەرهەمێکی دیکەی بە ناوی "جیم و گولپەری" نووسیوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تێزی "تورکان تۆسون"دا هاتووە، عوسمان سەبری چەندین شیعر و ئەفسانەی بۆ منداڵان نووسیوە. هەندێک لە ئەفسانەکانی لە گۆڤاری "ڕۆناهی"دا بڵاو کراونەتەوە:

"چیرۆکا دیک و رۆڤی"، لە ژمارەی پێنجەمدا

"شێر و کێڤرۆشک"، لە ژمارەی شەشەمدا

"داوەتا کێزێ"، لە ژمارەی حەوتەمدا

"مهـ و شێر و گور"، لە ژمارەی هەشتەمدا

"کەر و هەفت گور"، لە ژمارەی نۆیەمدا

"گورێ پیر"، لە ژمارەی دوازدەهەمدا

"کەرێ دەنگبێژ"، لە ژمارەی سێزدەهەمدا

هەروەها شیعرێکی بە ناوی "زۆزان" لە ژمارەی بیستەمدا نووسیوە. عوسمان سەبری چەند شیعرێکی بۆ منداڵانی کورد لە "هاوار" نووسیوە:

دبستان

بهار

تەڤدیرا مشکان

جگە لە عوسمان سەبری، بەشێک لە نووسەران و شاعیرانی دیکەش لە گۆڤاری هاواردا شیعر و چیرۆک و ئەفسانەیان بۆ منداڵان نووسیوە. بۆ نموونە "محەممەد ئەمین بۆتی" ئەفسانەیەکی بە ناوی "چووک و فیل" لە گۆڤاری هاوار نووسیوە. (TOSUN Türkan، (٢٠١٨، ئەدەبیاتا زارۆکان ا کوردی ل باکوور، ر ١٤٥- ١٤٧).

KURDŞOP
246 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!