کازین

1. گاڵتە و گەپ؛ 2. نارەنار و دەنگی خۆش؛ 3. کۆخ و کۆشکی هەژارانە. بۆ ئاگاداریی وشەی (کازینۆ Cazino)ی ئینگلیسی لە وشەی (کاز و کازین)ی کوردی کە وشەیێکی کۆنی کوردییە وەرگیراوە. بۆ نموونە: کیووسک Kiosk هەر وشەی کۆشکە و زۆر وشەی دیکه لە زمانی سویدی و ئورووپیدا هەیە کە لەگەڵ کوردی هاوبەشن‌.

سێنارە

گوندێکە لە لای دۆڵەبەکر و شێراوا نزیک پردێ (ئاڵتوون کوپری) لە ناوچەی کەرکووک لە کوردستانی باشوور.

زرار

هۆزێکی کوردن لە کوردستانی باشوور.

نەسران

تیرەیەکی کورد بوونە کە لە شاری کووتی کوردنشینی باشووری کوردستانی ئێراقدا ژیاون، بەڵام لە سەردەمی حوکوومەتی بەعسدا زۆربەیان دەرکران و عەرەبیان لە شوێنیان دانا.

نوخشە

1. نوخشانە، هیواخواستنی مراد بۆ کەسێک، ئاواتخواستن، وەکوو: فڵانەکەس ژنی هێنا یان مێردی کرد، نوخشە بێ لەتۆش! لە موکوریان لە شایی و داوەتاندا هەر کچێک مێردی نەکردبێ و هەر کوڕێک ژنی نەهێنابێ، پێیان دەڵێن: نوخشە بێ لە تۆش، واتە بۆ تۆش، بۆ تۆش ببێ؛ 2. نۆبەرەی دەخڵ، دەخڵودانی فەریک، دانەوێڵەی نەگەییشتوو.

کاویان

1. کاوەییان، درووستکراوی کاوە، هی کاوە، شتێک که کاوە درووستی کردبێ؛ 2. گریان بە دەنگی نزم؛ 3. سووزانەوەی پێست؛ 4. نێوی ئەو ئاڵایەیە کە کاوەی ئاسنگەر بۆ شەڕ دژی ئەژدەهاک هەڵیدا. لە چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و ئەژدەهاکدا دەڵێن: ئەو پێشبەنە چەرمەی کە بۆ ئاسنگەریی لە بەرۆکی خۆی دەبەست، کرد بە ئاڵا و خەڵکی کۆوە کرد و ئەژدەهاکی کوردی که هاوڕەگەزی خۆی بوو، لەناو برد و فەرەیدوونی فارسی لە جێگەی دانا، خەڵکیش دوای ئەو کارەساتە ئاڵاکەی کاوەیان لە زێڕ و زیو گرت و نێویان نا: (ئاڵای کاویان)، یان ئاڵای کاوەییان کە لە ئەدەبیاتی کۆنی فارسیدا دەگوترێ (درَفش کاویان).

تیلا

1. سووچ، گۆشە، قوژبن؛ 2. تیلەی چاو.

شاباڵ

1. شاپەڕ، گەورەترین پەڕەکانی باڵی مەل؛ 2. ئەندازەی لەسەر پەنجەوە هەتا ئەستۆ.

دارین

جۆرێک رایه‌خ و فه‌رش.

کالان

1. کالانە، جێگەی گلێنەی چاو؛ 2. کاڤلان، کاولان، کێلان، جێگەی خنجەر؛ 3. کۆنە دێ، شوێنەمێنگەی وێران؛ 4. کانزای برنج؛ 5. گیای هەرزە؛ 6. نێوی هۆزێکی کوردە لە کوردستانی باکوور.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!