لاوێن

1. نەرم و قاییم؛ 2. چڵەبی ناسک بە (ریشە) وە، نەمامی بی؛ 3. ساوا، کۆرپە؛ 4. دڵداریدەر؛ 5. جۆرێک شووڵە، لە قەراخ چەم دەڕوێ و پێیدەڵێن: سوورەبی، سەوەتە و تەفت و سۆقاتیی لێ درووست دەکەن، ئەگەر بیچەمێنیتەوە ناشکێ؛ 6. لە ئەدەبیاتی کوردیدا لاوێن سەرچاوە و ڕەمزی نەرمیی و ناسکیی و جووانیی و بەرگەگرتنە؛ 7. نێوی گەردەنەیەکە لە نێوان سنە و کرماشان؛ 8. نێوی چۆمێکە کە لە قەندیلەوە سەرچاوە دەگرێ و تێکەڵ بە زێ دەبێ؛ 9. گوندێکە لە ناوچەی لاجان لەلای پیرانشار؛ 10. تیرەیەکی کوردن کە جاران لە شارەزوور ژیاون؛ (ابن خَلدون) لە (تاریخ بَربَر) دا دەنووسێ تیرەیەکی کوردن کە لە (ئەلجەزایر) دەژین؛ (شێخ موحەممەد مەردۆخ) یش لە (مێژووی کورد و کوردستان) دا نووسیویەتی لەوانەیە ئەم تیرەیە لە کاتی هێرشی مەغۆلەکاندا بۆ سەر کوردستان کۆچ درابێتن.

ئۆگر

خووپێگرتوو، کەسێک کە هۆگری شتێک بێ.

هاوڕێ

1. هاواڵ، هەڤاڵ، دۆست؛ 2. هاوبیروباوەڕ.

لینا

کووپەی گەورەی جێگەی شەراو.

باشان

نێوی کوردیی گوندێک بووە لە کوردستانی ترکیە کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

بۆکان

شارێکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. بۆکان لە دوو وشەی (بەغ یان بوغ) و کۆی(ان) پێکهاتووە، بەغ و بوغ، بوگ یان بوک، واتە: خودا، بەخشندە، پێشەوا سەرۆک؛ لەسەردەمی زەڕدەشتییەکاندا دوو دەستە لە کار و باری بەڕێوەبردندا دەوریان هەبووە، (بوغەکان و موغەکان)، بوغەکان بەرپرسی کار و باری سەربازیی و موغەکان خەلیفەی کار و باری ئایینی بوونە؛ بەغ و بوغ، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بۆتە بۆگ و بۆک، کە لەگەڵ کۆی (ان) بووە بە بۆکان، واتە: جێگای خودا، پێشەوا، یان سەرداری جەنگیی زەڕدەشتییەکان؛ بۆکانیش شارێکی کۆنە و ماناییەکان لەوێدا ژیاونو، نموونەی دیکەشمان هەر لە دەوری شاری بۆکان و شوێنانی دیکەی کوردستاندا هەیە کە بەڵگە و گەواهن بۆ ئەم بانگاشەیەی ئێمە، وەکوو: گوندەکانی بۆگەبەسی، ئیسکی بەغدا، بێشاسپ، بێتووش، بێتبەگ، بەێتاس، بێژوێ و زۆری دیکە. بڕوانە بۆ بێتبەگ لە بەشی کوڕان.

شیرا

گیانداری شیردەر.

دڵزار

1. دڵبەئێش، دڵبەسۆ؛ 2. نازنێوی شاعیری کورد ئەحمەد مستەفا عەوێزییە کە خەڵکی هەولێرە و لەوێ دەژی.

فەراشین

بای فێنکی هاوینان.

پەرجوو

پەرجۆ، مۆجزات، کەرامات.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!